ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/4/19 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز یان كۆوبش نوێنەری نوێی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عێراق باسی لە ڕووداوەكانی ساڵی ڕابردوو لە عیراق كرد بە تایبەت هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی عیراق و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەری ناوخۆ و سوریا بۆ هەرێمی كوردستان كە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم دروستكردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێم توانی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات و شوێنی حەوانەوە و یارمەتییان بۆ دابین بكات.
ئاماژەی بەوەش كرد كە لەلای خۆیەوە هەوڵی بەردەوام دەدات لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە یارمەتی پێویست پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران بكرێت و لە هەمان كاتیش پشتگیری هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ باشتر كردنی ڕەوشی ئاوارەكان لە ڕووی تەندروستی و پەروەردە و پێداویستییەكانی رۆژانەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد كە پێشڤەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە مایەی سەقامگیری زیاتری سیاسی لەناوخۆی عێراق، هاوڕابوو كە كێشەی داعش و بنبڕكردنی مەترسییەكانی، تەنیا بەڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت حكوومەتی عێراق لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە و لە هەمان كاتدا ئاشتەوایی نیشتمانیی دروست بكرێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا. هەروەها ئاماژەی بەو گرفتانە كرد كە هەرێمی كوردستان دووچاری بووەتەوە بە تایبەتی ئەو كێشانەی دوای بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن حكوومەتی پێشووی عێراقەوە دروستبوون كە ئاستەنگێكی زۆری بۆ هەرێم دروستكرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش خەڵك و حكوومەتی هەرێم باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كردەوە كە لە ترسی تیرۆر ڕایانكردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە هاوكاریكردنی ئاوارەكان لە توانای حكوومەت بەدەرە بەتایبەت كە ئێستا باس لە ئازادكردنی شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق لە دەستی داعش دەكرێت و مەترسی ئەوە هەیە ژمارەیەكی زۆرتری پەنابەر و ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە هەرێم پێویستی بە هاوكاریی و كۆمەكیی نێودەوڵەتی دەبێت بە تایبەت ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان. لە هەمان كاتدا سوپاسی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە توانیویانە هاوكاری حكوومەتی هەرێم بن لە هەموو بوارەكانی بەهاناوەچوونی ئاوارەكاندا. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، بەڕێز سەرۆك وەزیران باسی لەوە كرد كە هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەكان باشن، بەڵام پێویستە هەندێك بابەت لەڕووی تەكنیكییەوە قسە و گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی چەند بابەتێكی پەیوەست بە هەرێم و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە شێوەیەكی گشتی و خستنە ڕووی بارودۆخی ناوچەكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد